سەردار ئیسماعیل

Sunday, February 26, 20120 التعليقات

سەردار ئیسماعیل
سەردار ئیسماعیل ئەو یاریزانە كوردەی هەڵبژاردەی لەشجوانیی عێراق دوای ئەوەی توانی نازناو پاڵەوانیەتیی نێودەوڵەتیی “wabba” دەستەبەر بكا، كە لە 10ی مانگی ڕابردوو لە شاری ڤێنیسیا لە ئیتاڵیا بە بەشداریی 25 وڵات بەڕێوە چوو، نازناوێكی دیكەی بۆ خۆی و بۆ وەرزشی كوردستان بەدەست هێنا و جارێكی دی ئاڵای كوردستانی لە نێوەندێكی وەرزشیی جیهانیدا بەرز كردەوە.

لەو پاڵەوانیەتییەدا سەردار وێڕای ئەوەی لە كێبەركێی جۆری (سمۆڵ) توانی مەدالیای زێڕ بباتەوە، بووە پاڵەوانی پاڵەوانان و جامی پاڵەوانیەتییەكەی پێ بەخشرا و لە كاتی بەڕێوەچوونی كێبەركێیەكەشدا، نماییشی جەستەی لەگەڵ گۆرانی و ئاوازی كوردی ئەنجام دا.

ئەمە جاری یەكەم نییە سەردار لە بۆنە نێودەوڵەتییەكاندا هەستی كوردایەتیی خۆی پێشان دەدا، بگرە لە پاڵەوانیەتیی ئاسیایش لە ساڵی 2004 لە بەحرێن بەڕێوە چوو، جەستەی خۆی لە ژێر گۆرانی و ئاوازی كوردی نماییش كرد كە بە هۆیەوە سەرەڕای ئەوەی شایەنی پلەی یەكەم بوو، بەڵام لیژنەی ناوبژیوانان یاریزانێكی بەحرێنیان بە پلەی یەكەم و یاریزانێكی ئێرانییان بە پلەی دووەم دەستنیشان كرد و ئەو یاریزانە كوردەیان بەهۆی ئەو هەڵوێستەوە لە پلەی سێیەم دانا.

لەگەڵ ئەوەشدا سەردار لەو هەڵوێستە كوردانەی خۆی پاشگەز نەبووە و هەمان سیناریۆی لە پاڵەوانیەتیی عەرەب لە ساڵی 2007 لە یەمەن و پاڵەوانیەتیی ئاسیای لە تایلەند دووبارە كردەوە و بە گوتەی خۆی “دوای پاڵەوانیەتییەكان كاتێك بۆ كوردستان دەگەڕێمەوە و پێشوازیی خەڵك لەو هەڵوێستەی خۆم دەبینم، وا هەست دەكەم لەو پاڵەوانیەتییانەدا بوومەتە پاڵەوان”.

ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز) دیمانەیەكی لەگەڵ ئەو یاریزانە پیشەوەر ساز كردووە و (هەولێر وەرزش) لە بەر گرینگییەكەی بڵاوی دەكاتەوە.

* كاردانەوەی جەماوەری ئامادەبوو لە پاڵەوانیەتیی “wabba” دوای بیستنی ئاوازی كوردی و دیتنی ئاڵای كوردستان، چوون بوو؟

- بە ڕاستی پێشوازیی جەماوەر كە زۆربەیان ئیتاڵیایی بوون، چاوەڕواننەكراو بوو، زۆر بە گەرمی و بە چەپڵەڕێزانەوە پێشوازییان لێ كرد، لە پاڵەوانیەتییەكەدا هەر یاریزانێك تەنیا بۆ ماوەی یەك خولەك ڕێگەی پێ دراوە جەستەی خۆی نماییش بكات، بەڵام بە هۆی ئاوازی كوردی و پێشوازیی گەرمی جەماوەرەوە، ماوەی دوو خولەكم پێ درا، تەنانەت ناوبژیوانانیش بە چەپڵەڕێزانەوە هەستانە سەرپێ، نماییشەكەش بە جوانترین نماییش دەرچوو.

* كاردانەوەی یەكیەتیی لەشجوانیی عێراق لە هەمبەر بەرزكردنەوەی ئاڵای كوردستان چۆن بوو؟

- ئەندامانی یەكیەتیی لەشجوانیی عێراق ئەوانەی پێوەندییان پێوە كردین، ببوونە دوو بەش، بەشێكیان پێیان خۆش بوو ئاڵای كوردستانمان لە پاڵ ئاڵای عێراق بەرز كردووەتەوە، بەشێكی دیكەشیان زۆریان پێ ناخۆش بوو و گوتیان ئەوانە بە ناوی كوردستان بەشداریی پاڵەوانیەتییەكەیان كردووە و تەنیا ئاڵای كوردستانیان بەرز كردووەتەوە و ئامانجی خۆیان هەبووە و دەیانەوێ لێمان جیا ببنەوە، ئێمە كارێكی نایاسایییمان نەكردووە، چونكە دەستووری هەمیشەیی عێراق دانی بە هەرێمی كوردستاندا ناوە.

* هەست ناكەی بەرپرسانی وەرزش كەمتەرخەمن بەرانبەرت؟
- كەمتەرخەمیی بەرپرسانی وەرزش هی ئێستە نییە و بۆ پێش ئێستە دەگەڕێتەوە، پێش و دوای گەشتەكانمان پێشوازیی بەرپرسان بەو شێوەیە نەبووە، یاخۆ هەر نەبووە، بە داخەوە بەرپرسانی حكوومەتی و حزبی زیاتر پشتگیریی ئێمەیان كردووە.

لە ساڵی 2009 حكوومەتی هەرێم بڕیاری دا خەرجیی گەشتەكەمان لە ڕێگەی لیژنەی ئۆڵمپییەوە دابین بكات، بەڵام بەرپرسی دارایی لیژنەكە تەنیا 70%ی خەرجییەكەی سەرف كرد.

*ئەی بەرپرسانی عێراق؟
-نەك لەو پاڵەوانیەتییەدا، بگرە لە سەرجەم ئەو پاڵەوانیەتییانەی بەشداریمان كردووە، چاوەڕێی هیچ شتێكمان لە بەرپرسە عێراقییەكان نەكردووە، چونكە لە پاڵەوانیەتییەكاندا خۆمان بە نوێنەری كورد دەزانین، هەرچەندە بە ناوی هەڵبژاردەی عێراقەوە بەشداریی پاڵەوانیەتییەكان دەكەین، بەڵام هەردەم خۆمان وا پێشان داوە كە كوردین، لە پاڵەوانیەتیی ئەوجارەشدا خەونی هەرە گەورەم هاتە دی كە ئەویش بەرزكردنەوەی ئاڵای كوردستان بوو.

• ئاخۆ جیاوازیی لە نێوان وەرزشوانانی كوردستان دەكرێ؟
-بە دڵنیایییەوە هەیە، هۆیەكەشی بۆ هۆی كەسێتی دەگەڕێتەوە.
*دوای دەستبەركردنی ئەو ئەنجامە گەورەیە، ئاخۆ هیچ بەرپرسێك پێشوازیی لە ئێوە كرد؟

- لە ماوەی ئەو دوو هەفتەیەدا كە گەڕاینەوە، تەنیا لەلایەن بەرپرسانی حزبی و ئیدارییەوە پێشوازی كراوین، تەنیا لیژنەی ئۆڵمپیی هەرێمی كوردستانیش پێشوازییان لێ كردین و بەڵێینان پێداین بە مەبەستی ڕێزلێنان، نووسراوێك بۆ وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان بەرز بكەنەوە.

* تا ئێستە بیرت لە وازهێنان نەكردووەتەوە؟
- لە زۆربەی پاڵەوانیەتییەكاندا كە بەشداریم كردووە، دوای گەڕانەوە بیرم لە وازهێنان كردووە، بەڵام هاندانی خەڵك بووەتە هۆی ئەوەی دیسان بۆ بازنەی كێبەركێیەكان بگەڕێمەوە، خۆم بە نوێنەری گەلەكەم دەزانم، ئەمەش پاڵنەرێكی بەهێزە بۆ ئەوەی بیر لە وازهێنان نەكەمەوە.

* وەكو وەرزشوانێكی كورد تا چەند سوودتان لە بۆنە نێودەوڵەتییەكان وەرگرتووە بۆ دروستكردنی پێوەندی لەگەڵ وڵاتانی جیهان؟

- هەروەك باسم كرد لە سەرەتای پاڵەوانیەتییەكاندا لەبەر ئەوەی ناوم كوردی بوو، زۆر كەس لەوبارەیەوە پرسیارن دەكرد و بۆیان دەردەكەوت كوردم، لەو پاڵەوانیەتییەشدا بەرزكردنەوەی ئاڵای كوردستان خۆی لە خۆیدا بووە جێی پرسیار و زۆربەیان وێنەیان لەگەڵ ئێمە گرت، تەنانەت ناوبژیوانانێكی ئیسپانیایی داوای ئاڵاكەی كرد.

*پێت وانییە ئاستی یاریی لەشجوانی لە هەرێمی كوردستان ڕوو لە نزمبوونە، ئەگەر پێت وایە، هۆكارەكەی بۆچی دەگەڕێنیتەوە؟

- ئەگەر بەم شێوەیە بڕوا، بێگومان ئاستی لەشجوانی ڕوو لە نزمبوون دەچێ، ئەمەش چەند هۆكارێكی هەیە كە گرینگتریان بریتیین لە نەبوونی پاڵپشتیی دارایی و بایەخنەدان بە پاڵەوانانی یارییەكە.

* لە یانە و هۆڵەكانی ئەورووپاوە بۆندت بۆ نەهاتووە؟
- نەك لە یانە و هۆڵەكان، بگرە لە ئاست هەڵبژاردەكانیش بۆندم بۆ هاتووە، لە ساڵی 2007ـەوە زۆر جار وڵاتانی بەحرێن و قەتەڕ و ئیماڕات پێشنیازیان كردووە بە ناوی ئەوانەوە بەشداریی پاڵەوانیەتییەكان بكەم، بەڵام لەبەر جەماوەری كوردستان و هاندەرانی خۆم و بەو پێیەی خۆم بە نوێنەری گەلەكەم دەزانم، سەرجەم ئەو دەستپێشخەرییانەم ڕەت كردووەتەوە، ئەگەر نا ژمارەی گرێبەستە و دەستپێشخەرییەكان زۆرن و دەتوانم بە ناوی هەڵبژاردەكانی وەكو ئیتاڵیا و ئەڵمانیا و وڵاتانی دی بەشداریی پاڵەوانیەتییەكان بكەم.

* زۆر جار باس لەوە دەكرێ ئەنجامەكانتان لە پاڵەوانیەتییەكانی پێشوودا كە لە ڕاگەیاندن بڵاو كراونەتەوە، ڕاست نەبوونە، ئەمە تا چەند ڕاستە؟
- ئێستە سەردەمی گلۆبالیزم و ئینتەرنێت و كۆمپیوتەرە، ئەوانەی بڕوا بەو ئەنجامانە ناكەن، لە دنیا دانەبڕاوین با سەیری وێبسایتەكان بكەن و لە ئەنجامەكانم دڵنیا ببنەوە.

* پەیامت بۆ جەماوەری كوردستان چییە؟
- سوپاسی جەماوەری كوردستان دەكەم، تاكە هاندەرم ئەو جەماوەرەن و پاڵنەرن بۆ ئەوەی درێژە بە كاروانی وەرزشیم بدەم.

پرۆفایلی

لە ساڵی 1976 لە شاری كۆیە لە دایك بووە، دەرچووی كۆلیژی ئاداب بەشی كوردییە لە ساڵی 1998 و لە ساڵی 2009شدا كۆلیجی یاسا و ڕامیاری تەواو كردووە.

لە ساڵی 1994ـەوە دەستی بە یاریی لەشجوانی كردووە، لە ساڵی 2008 بڕوانامەی ئەكادیمیای نێودەوڵەتیی “ویدەر”ی لە شاری ئەسكەندەرییە لە میسر وەرگرتووە، لە ساڵی 1997ـەوە لە ڕیزەكانی هەڵبژاردەی عێراق یاریی دەكات و لە ساڵی 2000ـیشەوە بەشداریی پاڵەوانیەتییە نێودەوڵەتییەكان دەكات.

لە ساڵی 2002 لە پاڵەوانیەتیی عەرەب كە لە بەغدا بەڕێوە چوو، بۆ یەكەم جار لە كێشی 90 كیلۆگرام مەدالیای زێڕی وەرگرت، هەمان ساڵ بەشداریی پاڵەوانیەتیی جیهانی لە قاهیرەی پایتەختی میسر كرد و پلەی دەیەمی بەدەست هێنا، لە ساڵی 2004 لە پاڵەوانیەتیی عەرەب لە عەممانی پایەتەختی ئوردن، بۆ دووەمین جار مەدالیای زێڕی لە كێشی 85 كگم بەدەست هێنا، لە هەمان ساڵدا بۆ یەكەم جار بەشداریی پاڵەوانیەتیی ئاسیای كرد لە بەحرێن و پلەی سێیەمی بەدەست هێنا، لە پاڵەوانیەتیی ئاسیا لە ساڵی 2009 لە تایلەند پلەی دووەمی بەدەست هێنا لە كێشی 85 كگم، ساڵی 2010 لە پاڵەوانیەتیی جیهان لە باكۆی پایتەختی ئازەربایجان بەشداری كرد و پلەی چوارەمی بەدەست هێنا.

زانیارییەكی پێویست
یەكیەتیی لەشجوانی (wabba) تایبەتە بە یاریزانە نێودەوڵەتییە ئاستبەرزەكان كە لە ساڵی 1975دا دامەزراوە و جیایە لە یەكیەتیی نێودەوڵەتیی لەشجوانی (IFBB)، بارەگەی سەرەكیی لە ئەڵمانیایە، یەكیەتییەكە لە عێراق تازەیە و ئەمساڵ لقی كراوەتەوە و ئەحمەد مەجید (ئەحمەد ڕامبۆ) كە كوردە و خەڵكی هەولێرە و پاڵەوانێكی پێشووی ئەو یارییەیە، سەرۆكی لقەكەیە.

لە پاڵەوانیەتییەكەدا لە جیاتی كێش، پشت بە بەرزیی باڵای یاریزانە بەشدارەكان دەبەسترێت.

Share this article :

Post a Comment

 
Support : | GOVAND KOYE |
ساڵی © 2011. ماڵپه‌ری کوردستان سپۆرت
مـاڵـپـه‌ری کوردسـتان سـپۆرت تـایبه‌ته‌ به‌ بـڵاو کـردنـه‌وه‌ی نوێـتـریـن
هه‌واڵی وه‌ر زشی و گواستنه‌وه‌ی په‌خشی راسته‌وه‌خۆی یاریه‌کان