شەڕ و ئاژاوە لە پۆڵەندا بەردەوامە
پۆلیسی پۆڵەندا ئاشکرایکرد ١٠٠ کەسییان لە هاندەرانی پۆڵەندا و ڕووسیا دەستگیرکرد کە تێوەگلان لە شەڕ و ئاژاوەی نێوانیان پێش دەستپێکردنی یارییەکەی نێوان هەردوو وڵات.
هەروەها پۆلیس ڕایگەیاند ١٠ کەس برینداربوون لە شەڕەکەدا کە ٧ یان پۆڵەندین و ئەوانی دیکە ئەڵمانی و ڕووسین، هەندێکیان برینەکانیان سەختە. بەمەش کۆی گشت بریندارەکان بەرزبووەوە بۆ ٢٤ کەس.
وتەبێژێک بەناوی پۆلیسی شاری وارساو وتی” ئێمە چاودێری بارودۆخەکە دەکەین، هێشتا لە هەوڵداین تاوەکو ئەوانە بدۆزینەوە کە تێوەگلان و ئەو کەسانە دەستگیردەکەین کە ئاژاوە دەنێنەوە”.
جێی باسە لە سەرەتای دەستپێکی یۆرۆ تاوەکو پێش ئەم ڕووداوە ٧٢ کەسی دیکە لە پۆڵەندا دەستگیرکراون لەبەر هەمان هۆکار.
گیان لەدەستدانی سەرۆکی پۆڵەندا لە ئەپریلی ٢٠١٠ لە کاتی نیشتنەوەی فڕۆکەکەی لە رووسیا ڕووێکی تری گرژییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتەیە کە تا ئێستا پەیوەندییەکانی نێوانیان ئاسایی نەبۆتەوە.
لە کاتی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە یۆرۆ بەهۆی ئاژاوەی هاندەرانی ڕووسیا لە یارییەکەی نێوان ئیتاڵیا و رووسیا، ئەو یارییە هەڵوەشێندرایەوە و یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا بڕیاریدا یارییەکە بەسوودی ئیتاڵیا بەکۆتا بهێنیت بە سێ گۆڵی بێ وەڵام.هەربۆیە ئەگەر شەڕ و ئاژاوە لەسەر شەقامەکان بگوازرێتەوە بۆ ناو یاریگاکان ئەوا یەکێک لە سزاکان دوورخستنەوەی ئەو هەڵبژاردەیەیە کە خاوەنی هاندەرە ئاژاوەگێڕەکانە لە پاڵەوانێتییەکەدا.
Post a Comment