هه‌رێم بورهان
|
![]()
له گفتوگۆیه‌کی کراوه‌دا له‌گه‌ڵ ئاسۆی وه‌رزش، هه‌رێم بورهان یاریزانی به‌رگریکاری ناسراوی کوردستان و گرانبه‌هاترین یاریزانی یانه‌ی پێشمەرگەى سلێمانى دڵی خۆی ده‌کاته‌وه و بێ په‌رده نهێنییه‌کان ده‌درکێنێت.
له ڕۆژێکی ده‌ستپێکی گه‌رماکه‌ی گه‌رمیان و هه‌مان بیروه‌ری ڕۆژی ئه‌نفالدا که 14/4 ه و له ساڵی 1984دا له‌دایکبووه، خۆشه‌ویستییه‌کی بێئه‌ندازه‌ی بۆ تۆپی پێ هه‌یه و له ئۆسلۆی پایته‌ختی نه‌رویجه‌وه گه‌ڕاوه‌ته‌وه کوردستان، هه‌رێم بورهان وه‌رزی پێشووتر لە ئارارات و بۆ ئەم وەرزە ى له یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی و له ئێستاشدا بۆ ئه‌م وه‌رزه‌ی خولی نایابی کوردستان یاری ده‌کات.
له ده‌ستپێکه‌وه پێزانینی خۆی بۆ ماڵه‌وه‌یان ڕاگه‌یاند، که هه‌ر له سه‌ره‌تاوه تاوه‌کو ئه‌م ساته هیچ ڕێگریه‌کیان لێنه‌کردووه له ژیانی وه‌رزشیدا، چونکه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه خولیا‌و به‌هره‌یه‌کی وه‌رزشیی تێدا بووه تاوه‌کو ئێستاش زۆرینه‌ی خه‌ون و ئاواته‌کانی هاتۆته‌دی.
بچوکترین یاریزانی خولی کوردستان
هه‌رێم له شارۆچکه‌ی که‌لار له ڕێگه‌ی هه‌ریه‌که له تیپه میللییه‌کانی هێرۆ و کوردستانه‌وه ژیانی وه‌رزشیی ده‌ستپێکردووه، که ئه‌و دوو تیپه تاکو ئێستا له تیپه به‌هێزه‌کانی شارۆچکه‌که‌ن و له‌و ڕوانگه‌یه‌وه وتی: "شانازی به‌و تیپانه‌وه ده‌که‌م که چه‌ندین یاریم بۆ کردن و نازناوم بۆ به‌ده‌ستهێناون، که ئه‌وکات ته‌مه‌نم 10 ساڵ بوو"، دواتر له ته‌مه‌نی 14 ساڵیدا، ناوی هه‌رێم ده‌چێته مێژووی یاری تۆپی پێی کوردستانه‌وه به‌وپێیه‌ی له‌و ته‌مه‌نه که‌مه‌دا ده‌بێته یاریزانێکی سه‌ره‌کیی یانه‌ی شێروانه‌و له خوله‌کانی کوردستان به‌شداری ده‌کات و ده‌بێته بچوکترین یاریزان له یارییه‌کانی خولی کوردستان یاری کردبێت، هه‌رێم وتی: "له‌و کاته‌دا ئه‌رکێکی زۆر قورسم هه‌بوو که به تایبه‌ت یانه‌ی به‌هێز له خولی کوردستاندا هه‌بوون وه‌ک یانه‌ی چوارباخ و سلێمانی، ئێمه‌ش تیپێکی به‌هێزبووین و له‌و ساڵه‌دا سێیه‌م بووین و یاریزانی باشمان هه‌بوو، هه‌ر له سه‌ره‌تاشه‌وه ته‌نها دوو یاری یه‌ده‌گ بووم، دواتر تاکو ئه‌وکاته‌ی له یانه‌ی شێروانه نه‌مام، به‌شێوه‌ی سه‌ره‌کیی یاریم ده‌کرد، له‌وێشدا توانیم تا ڕاده‌یه‌کی به‌رزو پێویست دڵی ڕاهێنه‌رو یاریزانان و جه‌ماوه‌ر له خۆم ڕازی بکه‌م، بۆیه ئه‌و یانه گه‌وره‌ترین شت بووه له ژیانی وه‌رزشیمدا".
باروبارگه‌ی پێچایه‌وه
وه‌ک له ئێستاشدا پێی ناخۆشه یانه‌ی شێروانه‌ی به‌جێهێشتووه، به‌ڵام وه‌ک خۆی وتی؛ به‌هۆی گواستنه‌وه‌ی ماڵیان و خێزانه‌که‌یان بۆ شاری سلێمانی، ئه‌ویشی ناچارکرد ماڵئاوایی له یانه گه‌رمیانه‌که بکات، "ماوه‌ی نزیکه‌ی چوار ساڵ له‌گه‌ڵ یانه‌ی شێروانه بێ دابڕان مامه‌وه، به‌ڵام دوای هاتنی خێزانه‌که‌مان بۆ شاری سلێمانی و سه‌ختیی هاتوچۆ و بێبه‌رامبه‌ر و بێ موچه‌و گرێبه‌ست، کارێکی قورس بوو، به‌ڵام ده‌توانم بڵێم ئه‌وکات زۆر زۆر له ئێستا ئاسووده‌تر بووم، دوای ساڵێکیش له هاتنمان بۆ سلێمانی هه‌ر یاریم بۆده‌کردن".
ئه‌زمڕی کرده ده‌ستپێک
دوای ئه‌وه‌ی هه‌رێم له شاری سلێمانی ده‌مێنێته‌وه ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به یانه‌ی ئه‌زمڕی ئه‌وکات ده‌کات که ئێستا (نه‌ورۆزه) و له ژێر ڕاهێنه‌رایه‌تی هادی که‌ریم دووه‌می خولی کوردستان به‌ده‌ستده‌هێنێت و دوای دوو وه‌رزیش ڕووده‌کاته یانه‌ی سیروانی نوێ، چونکه زیاتر حه‌زی له‌و یانه‌یه ده‌کرد به‌وپێیه‌ی له‌و وه‌رزه‌دا به‌شداربوو له خولی عیراق، سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندیکردنی له‌گه‌ڵ یانه‌ی سیروانی نوێ، کوڕه‌که‌ی که‌لار وتی: "خولی عیراق که به‌شداربووم، ده‌توانم بڵێم وه‌ک قوتابخانه‌یه‌ک وایه و زۆر شت فێر ده‌بیت بۆ نموونه؛ جیاوازی یاریکردن و یانه‌کان هه‌یه که زۆربه‌ی یاریزانی به‌توانیان هه‌یه، که ئه‌وکات یاریم به‌رامبه‌ر یانه‌یه‌ک ده‌کرد شه‌ش حه‌وت یاریزانی له هه‌ڵبژارده‌ی عیراق بوون، ئه‌مه‌ش شانازییه‌که بۆ هه‌موومان سه‌رباری ئه‌وه‌ی ئه‌نجامی باشمان هه‌بوو له ژێر ده‌ستی خوالێخۆشبوو مامۆستا نه‌جات-دا".
له پێشمه‌رگه ده‌ستیپێکرد
له ناوه‌ڕاستی ساڵی 2005 وه، هه‌رێم بورهان ناوی ده‌بێته یه‌کێک له‌و ناوانه‌ی له کوردستان ده‌بێته باس و خواس، له یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی درێژه به به‌ده‌ستهێنانی چه‌ند ئه‌نجامێک ده‌دات وه‌ک دوو وه‌رز له‌گه‌ڵ ئه‌و یانه‌یه دووه‌می خولی کوردستان بوون، سه‌رجه‌می ئه‌و ئه‌نجامانه‌ش بۆ ته‌بایی و خۆشه‌ویستیی بۆ یاریزانان و ڕاهێنه‌ره‌که‌ی گه‌ڕانده‌وه.
بۆ له هه‌ڵبژارده‌ی کوردستان هه‌ڵات؟
دوای ئه‌وه‌ی وه‌رز به وه‌رز ئاستێکی به‌رزتر له ڕابردووی خۆی پێشکه‌شکرد، بانگهێشتی هه‌ڵبژارده‌ی کوردستان کرا که ئه‌و ده‌مه هه‌ڵبژارده‌که به‌ره‌و سوید که‌وته ڕێ بۆ به‌شداریکردن له پاڵه‌وانێتی جامی ڤیڤا، به‌ڵام له‌وێ هه‌رێم له وه‌فده‌که هه‌ڵدێت و خۆی ده‌گه‌یه‌نێته نه‌رویج، هه‌رێم له ڕێگه‌ی ئه‌م گفتوگۆییه‌وه به‌مشێوه‌یه له سه‌ر ئه‌و ڕووداوه دواو وتی: "ڕۆیشتنی من له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی کوردستان به خه‌ونیش نه‌مبینیبوو که به‌شداری ئه‌و خوله بکه‌م گه‌رچی ئه‌وه‌ی که کردم کارێکی باش نه‌بوو، به‌ڵام پێشتر هه‌ر بیرم ده‌کرده‌وه که بچمه ئه‌وروپا بۆ ئه‌وه‌ی شتێک له وه‌رزش فێرببم، چونکه له کوردستان سه‌یرم ده‌کرد هیچ گۆڕانکاریه‌ک و پێشچونێکم به‌خۆمه‌وه نه‌ده‌بینی، به‌ڵام دواتریش په‌شیمان بوومه‌وه، له دوای جیابوونه‌وه‌م له وه‌فده‌که، ڕوم کرده نه‌رویج و له‌وێ له‌گه‌ڵ یانه‌یه‌کی پله سێ به ناوی کورده‌وه به‌شداریم کرد که یانه‌ی سوینداڵ سوێره بوو، ئه‌ویش له ڕێگه‌ی براده‌رێکه‌وه په‌یوه‌ندیم کرد، که دوای چه‌ند مه‌شقێک بۆندم کرد و له خولی پله سێ‌دا یاریه‌کانم ده‌کرد له‌گه‌ڵ ئه‌و یانه‌یه‌و چه‌ندین گۆڵیشم تۆمارکرد، که ئه‌وکات به پله‌ی دووه‌می له‌و وه‌رزه‌دا تیپه‌که‌مان توانی بچێته ڕیزی پله دووی یانه‌کانی ئه‌و وڵاته".
نامه‌و ته‌له‌فونه‌کانی هه‌رێم بۆ گه‌ڕانه‌وه
هه‌رێم بورهان دوای ساڵ و نیوێک، بڕیاری گه‌ڕانه‌وه‌ی کوردستان ده‌دات، چونکه وه‌ک هه‌رێم ده‌ڵێت؛ دوای گه‌ڕان و بینینی ئه‌وه‌ی ویستی و له خه‌یاڵیدا بووه به چاوی خۆی بینی، "ئه‌وروپاش ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت که ڕێگه‌یه‌کی زۆری بۆ ببڕیت"، له کاتێکدا هه‌رێم له‌لایه‌ن یه‌کێتی تۆپی پێی کوردستان بۆ هه‌تا هه‌تایه سڕکرابوو، بۆیه دوای په‌یوه‌ندیه‌کی زۆری هه‌رێم پێیانه‌وه بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ ده‌رکرا، "ژیانێکی نوێیان بۆ دروستکردمه‌وه و له قۆناغی دووه‌می وه‌رزی پارساڵی خولی نایابی کوردستاندا په‌یوه‌ندیم به یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی سلێمانییه‌وه کرده‌وه".
ڕه‌خنه‌گرو توڕه‌یه
هه‌رێم ده‌ڵێت: "کاتێک یاری ده‌که‌م، توانیومه زۆربه‌ی قسه‌کان بکه‌م ئه‌گه‌ر ناهه‌قیه‌ک ببینم و یاریزانه‌کان قسه نه‌که‌ن، په‌ست ده‌بم و ناهه‌قیه‌که قبوڵ ناکه‌م، به‌ڵام به ناوبژیوانه‌کان ده‌ڵێم؛ له دوا یاری پارساڵمان له‌گه‌ڵ یانه‌ی هه‌ولێر ئه‌و ناهه‌قیه بۆ؟ بۆیه پێموایه ناوبژیوانانی کوردستان له ئاستێکی باشدان تاوه‌کو ئه‌وکاته‌ی هه‌ڵه ناکه‌ن، به‌ڵام هه‌ڵه‌کان وایان لێده‌کات یاریزانه‌کان توندوتیژبن به‌رامبه‌ریان که زۆرجار وایان لێده‌کات تووشی شڵه‌ژاندنیان ده‌کات".
ڕاستیه‌کان له کوێدان؟
سه‌باره‌ت به سه‌رسامیی یاریزانان و یانه جیهانه‌کانیش، هه‌رێم به لۆسیۆی به‌رگریکاری هه‌ڵبژارده‌ی به‌ڕازیل و یانه‌ی ئینته‌رمیلان سه‌رسامه‌و حه‌زی به یارییه‌کانی هه‌ڵبژارده‌ی به‌ڕازیل و یانه‌ی ڕیاڵ مه‌دریده.
|
سه ره تا
ژیانی یاریزانان
هه‌رێم بورهان
هه‌رێم بورهان
Sunday, February 19, 20120 التعليقات
التسميات:
ژیانی یاریزانان
Post a Comment