بەناز قادر |
![]() دوای ئەوەی ژمارەیەكی یەكجار زۆری كوردەكان بەهۆی خراپی بارودۆخی ئەمنی و ئابووری و چەندین شتی كوردستانیان جێهێشت و ڕوویان لەهەندەران كرد لەم ماوەیەدا چەندین یاریزانی كورد لەیانەكان و خولەكانی ئەوروپا لەیارییە جیاوازەكان یارییان كرد، بەڵام ئەوەی سەرنجی ڕاكێشام یاریكردنی كچە كوردێك لەخولی تۆپی دەستی ئەڵمانیا بوو، ئەویش بەناز قادر ئەحمەد لەدایكبووی ساڵی (1992) و دانیشتووی شاری سانشیم-ی وڵاتی ئەڵمانیایە لەیانەی (TV Sinsheim) خولی پلە سێی ئەڵمانیا بۆ تۆپی دەست یاری دەكات، ئەم كچە یاریزانە لەپاڵ یاریكردن لەهەمان كاتدا ڕاهێنەرە و مەشق بەو كچە یاریزانانە دەدات كە تەمەنیان لەخوارەوەی 14 ساڵە، ئەمەش بەهۆی لێهاتوویی و ئاست بەرزی ئەم كچە یاریزانە دەگەڕێتەوە لەپاڵ تۆپی دەست، بەناز عاشقی هونەرە بەتایبەتی ئامێری گیتار و حەز لەخواردنی كەباب و بریانی دەكات، بەپێویستمان زانی لەنزیكەوە دیمانەیەك لەگەڵ ئەم كچە یاریزانە ئەنجام بدەین لەوڵاتی ئەڵمانیا. *باس لەوە دەكرێت، كە تۆ خەڵكی كوردی ئێرانی؟ - نەخێر، ئەمە ڕاست نییە، چونكە من لەدایكبووی شاری تبریز-م، بەڵام كوردی عێراقم لەساڵی 1975 ئێمە ئاوارەی وڵاتی ئێران بووین و دایك و باوكم خەڵكی قەڵادز-ێن. * بۆ چی یاری تۆپی دەستت هەڵبژارد؟ - لەقوتابخانە چوار هاوڕێی نزیكم هەبوون ئەوان یاریزانی تۆپی دەست بوون لەیەكێك لەیانەكان، كاتێك لەگەڵ ئەوان دەچوومە هۆڵی یاریكردن بۆ ئەوەی سەیری مەشق و یارییەكانی ئەوان بكەم، منیش حەزم چووە ئەم یارییە و بڕیارم دا لەم یانەیە یاری بكەم، ئەو كات تەمەنم 9 ساڵ بوو. * لەكام یانە یاری دەكەی؟ - لەیانەی (gymnastics club Sinsheim) خولی پلە سێی ئەڵمانیا بۆ تۆپی دەست یاری دەكەم، لەم یانەیە لەئاستەكانی (E) و (D) و (C) یارییم كرد، دواتر ڕاهێنەر منی بۆ تیپی (A) بانگهێشت كرد واتە تیپی یەكەم، ئێستا لەتیپی یەكەم یاری دەكەم. ئەم یانەیە تایبەتە بەئافرەتان. * لەچ شوێنك لەنێو یاریگا یاری دەكەی؟ - لەنێو یاریگە لەگەڵ یانەكەم لەباڵی ڕاست یاری دەكەم، بەڵام لەم ماوەیەدا تووشی پێكان بووم و ئێستا ڕاهێنەرەكەم لەیارییەكان بۆ ماوەیەكی كەم یاریم پێ دەكات بۆ ئەوەی بەتەواوی لەپێكانەكەم چاكببمەوە. * تا ئێستا بانگهێشتی هەڵبژاردەكانی ئەڵمانیا كراوی؟ - نەخێر بانگهێشت نەكراوم. * ئامادەی یاری بۆ هەڵبژاردەی عێراق بكەی؟ - هەموو كەسێك حەز دەكات لەڕیزی هەڵبژاردەی وڵاتەكەی یاری بكات، بەڵام من قوتابیم سەیری بارودۆخی خۆم دەكەم، ئەگەر بوار دەرفەت بدات من ئامادەم یاری بكەم و ئەمە شانازییە بۆ من. * ئایا وەكو كچە یاریزانێك یاریكردن كاریگەری لەخوێندت نەكردووە؟ - نەخێر، ئێستا هەوڵ دەدەم بچمە كۆلێژی دەرمانسازی و چاوەڕوانی گەڕانەوەی ناوەكەم لەم كۆلێژە. * تا چەند دایك و باوكت هاوكاریان كردوی؟ - هەر لەسەرەتاوە دایك و باوك و خوشك و برایەكانم پشتگیریان لێكردووم چ لەبواری خوێندن یاخود لەیاریكردنم لەگەڵ یانەكەم، تا ڕاددەیەك باوكم و خوشكم خۆیان منیان بۆ هۆڵی مەشق كردن دەبرد و منیان بۆ ماڵەوە دەگەڕاندەوە، چونكە ئەوكات مۆڵەتی شۆفێری-م نەبوو و زۆربەی كاتەكان ئەندامانی خێزانەكەم لەیارییەكان ئامادە دەبن، برا بچووكەكەم یاریزانی تۆپی پێ بوو، بەڵام لەبەر من ئێستا یاری تۆپی دەست ئەنجام دەدات. * چ بكرێت بۆ ئەوەی ئاستی وەرزشی ئافرەتان لەكوردستان پێش بكەوێت؟ - بەبۆچوونی خۆم دەبێت حكومەت هاندەری سەرەكی بێت بۆ ئافرەتان، ئەویش بەكردنەوەی یانەی تایبەت بەئافرەتان و دروستكردنی هۆڵی داخراو، ئەمانەش دەبنە هۆكاری سەرەكی بۆ پێشخستنی ئاستی وەرزشی ئافرەتان و هەروەها دەبێت دایك و باوك ببنە پاڵپشت بۆ كچەكانیان، تاكو پێوەندی بە وەرزش بكەن لەهەمان كاتدا ئافرەتیش دەبێت خۆی ئارەزووی وەرزش بێت ئەمانە هەمووی دەبنە هۆكاری پێشكەوتنی بواری وەرزش لەسەر ئاستی ئافرەتان. * تا ئێستا لەچەند یانە یاریت كردووە؟ - تەنیا یاریم بۆ ئەم یانەیە كردووە، چونكە تەمەنم بچووكە و ڕاهێنەر زۆر بایەخم پێ دەدات و زۆر شتی فێركردووم، لەم یانەیە نە گرێبەستم هەیە و نە مووچەم هەیە، چونكە یاریزانێكی پیشەگەر نیمە و گشت یاریزانەكانی یانەكەمان بەهەمان شێوە نە مووچەیان هەیە نە گرێبەست، ئێمە بۆ ناوی شارەكە یاری دەكەین. * جگە لەوەرزش ڕۆژانە خۆت بەچ شتێك خەریك دەكەی؟ - دوور لەوەرزش، من زۆرم حەزم لەهونەرە بەتایبەتی ئامێری گیتار، ئێستا لەماڵەوە 5 ئامێری گیتار و ئۆرگێكم هەیە، لەقوتابخانە وانە بەمنداڵان دەڵێمەوە فێری چۆنیەتی گۆرانی گوتنیان دەكەم و هەروەها لەقوتابخانە كچە یاریزانانی خوار تەمەنی 14 ساڵ فێری یاریكردنی تۆپی دەست دەكەم. * هیوا و ئاواتت چییە؟ - هیوا و ئاواتی من ئەوەیە، كە ڕۆژێك لەڕۆژان لەڕیزی هەڵبژاردەی كوردستان بۆ تۆپی دەستی كچان یاری بكەم و لەژێر ئاڵای كوردستان خزمەتی وڵاتەكەم بكەم، ئەمە ئاواتی منە و پەنا بەخوا ئاواتەكەم دێتە دی. * دوا وتەت چییە؟ - زۆر سوپاسی ئەندامانی خێزانەكەم دەكەم و هەروەها سوپاسی مامم دەكەم، كە لەشاری هەولێر پشتگیری خۆی بۆ من دووپاتكردەوە و هەردەم هانم دەدات بۆ ئەوەی لەیاریكردن و لەخوێندن بەردەوام بم، تا ئێستا یەكجار سەردانی شاری هەولێرم كردووە و پەنا بەخوا دووبارە سەردانی ئەم شارە خۆشەویستە دەكەمەوە. ![]() |
سه ره تا
ژیانی یاریزانان
بەناز قادر
بەناز قادر
Sunday, February 26, 20120 التعليقات
التسميات:
ژیانی یاریزانان
Post a Comment