ھەردە ڕەووف بارام

Saturday, February 25, 20120 التعليقات

ھەردە ڕەووف بارام
ھەردە ڕەووف بارام جێگری سەرۆکی یانەی سلێمانی و لێپسراوی نوێنەرایەتی لیژنەی ئۆڵۆمپی کوردستان و عێراقە لەشاری سلێمانی،  لەساڵی ١٩٦٠لەگەڕەکی مەڵکەندی لەشاری سلێمانی لەدایک بووە ھەر لەمنداڵیەوە خولیای وەرزش بووە لەساڵی١٩٦٧لەقوتابخانەی بێخود لەلایەن مامۆستا سەڵاحەدین عیسامەدین دەستی کردووە بەوەرزش.

سەبارەت بەژیانی وەرزشی ھەردە ڕەووف بارام بەسایتی یانەی سلێمانی ڕاگەیاند"بۆ یەکەم جار دەستم بەیاری تۆپی سەرمێزکرد و لەھەمان کاتدا گۆڵچی تۆپی پێی بووم، لەساڵی١٩٧٤ بۆیەکەم جارکەیاری تۆپی دەست ھاتە شاری سلێمانی من گۆڵچی بووم لەقوتابخانەی کاوە لەقۆناغی ناوەندی وەڕۆژی٢٠-٦-١٩٧٤ پەیوەندیم کرد بەیانەی وەرزشی سلێمانی لەساڵی١٩٧٧بووم بەگۆڵچی تازە پێگەیشتووانی تۆپی دەستی یانەی سلێمانی وەشان بەشانی تۆپی دەست یاری تۆپی سەرمێزیشم ئەنجام دەدا.

لەیاری تۆپی دەست مامەوە تاساڵی ١٩٨١ دواتربەھۆی عەسکەرییەوە دوورکەوتمەوە لەوەرزش بۆ ماوەی ٣ساڵ دوای ئەوەش بەھۆی دابەزیینی ئاستمەوە و دروست بوونی چەندین گۆڵچی ناودار لەشاری سلێمانی لەھەموویان ناودارتر فاروق عەلی بوو، دواتر دەستم کرد بەیاری تۆپی سەرمێز تاساڵی ١٩٨٦ ئیتر لەو ساڵەوە بەدواوە بووم بەڕاھێنەری تۆپی سەرمێز لەیانەی سلێمانی لەخولی نایابی عێراقیش کاری ڕاھێنەرایەتیم کردووە و لەساڵی ١٩٨٦ ڕاھێنەری تۆپی سەرمێزی تازە پێگەیشتووانی یانەی سلێمانی بووم و توانیم پلەی دووەمی خولی عێراق بەدەست بێنین، لەساڵی ١٩٨٧وەک ئەندامی دەستەی کارگێڕی لەیانەی سلێمانی کارم کردووە تائێستاش بەردەوامم پۆستەکەشم جێگری سەرۆکی یانەی سلێمانییە.

ھەروەھا ووتیشی"بێجگە لەڕاھێنەرایەتی یانەی سلێمانی ساڵی ١٩٩٢ لەگەڵ ھەڵبژاردەی تازەپێگەیشتووانی عێراق بەشداریمان کرد لەکەمپێکی مەشق و ڕاھێنان لەووڵاتی یەمەن، ساڵی٢٠٠٠ یش ھەروەک ڕاھێنەری تۆپی سەرمێزی تازەپێگەیشتووانی عێراق بەشداری خولێکمان کرد لەووڵاتی ئوردن، لەساڵی  ٢٠٠٣ وەلێپسراوی داراییم لەیەکێتی تۆپی سەرمێزی عێراق وەلێپسراوی نوێنەرایەتی لیژنەی ئۆڵۆمپی کوردستان و عێراقم لەشاری سلێمانی.

سەبارەت بەخۆشترین و ناخۆشترین یادگارییە وەرزشیەکانی ووتی" یادگارییە خۆشەکانم لەژیانی وەرزشیمدا لەساڵی ١٩٧٤بۆیەکەم جار کەیاری تۆپی دەست ھاتە شاری سلێمانی تیپەکەمان توانی لەسەر ئاستی سلێمانی ببێتە پاڵەوان ساڵی١٩٩٢-١٩٩٣لەیاری تۆپی پێدا ھەردوویانەی سلێمانی و زەورا لەکەرکوک بەیەک گەیشتن ئەوەی زۆر دڵخۆشی کردین ئامادەبوونی ئەو ھەموو جەماوەرە زۆرە کوردەبوو کەھانی یانەی سلێمانیان دەدا سەڕەڕای بوونی حکومەتی بەعس لەوکاتەدا بەڵام توانیمان یاریەکە بەئەنجامی (٢-١)گۆڵ ببەینەوە، تۆپی دەستی یانەکەشمان ساڵی٢٠٠١ توانی لەپاڵەوانێتی لاوانی یانەکانی عێراق لەشاری بەغدا بەڕێوەچوو ببینە پاڵەوانی خولەکە، ماوەیەک پێش ئێستاش تیپی تۆپی سەرمێزی یانەکەمان توانی ببێتە پاڵەوانی یانەکانی کوردستان دوای ڕکابەرییەکی بەھێز لەگەڵ یانەی دھۆک کەیاریزانی موحتەریفی ھێنابوو، بەڵام یادگاری ناخۆشم لەگەڵ عەبدولڕەحمان ڕۆستەم ڕاھێنەری ئێستای تۆپی دەستی یانەی سیروانی نوێ بووکەھەڵبژێراین بۆ ڕیزی ھەڵبژاردەی تازە پێگەیشتووانی عێراق بەڵام بەھۆی جیاوازی ئێمەویاریزانە عەرەبەکان و نەزانینی زمان لەوکاتەدا نەمانتوانی دووڕۆژ زیاتر بمێنینەوە لەشاری بەغداو ھەرزوو گەڕاینەوە بۆ شاری سلێمانی.

ھەردە ڕەووف سەبارەت بەئاستی وەرزش لەکوردستان بەتایبەتی لەشاری سلێمانی  ڕایگەیاند"ئاستی وەرزش لەکوردستان ناڵێم بەرەوپێش چوونی بەخۆیەوە نەبینیوە لەچاو ساڵانی ھەشتاکان و نەوەدەکاندا بەڵام بەدڵی ئێمەی وەرزشکار نەبووە لەچاو ئەو ھەموو پێش چوونەی وەرزش لەجیھاندا، لەشاری سلێمانیش زۆر زۆر باش نیە لەبەرچەند ھۆکارێک نەبوونی ھۆڵ و یاریگای مۆدێرن کەلەھەموویان گرنگترە، نەبوونی باری داراییەکی باشی یانەکان و ھەندێ کێشەی تازەی ناو وەرزش، وەنەبوونی پلان و نەخشەدانان چونکە یانەکان تەنھا لەسەرەتاوە بیر لەئەنجام دەکەنەوە بەڵام نایەن لەسەرەتاوە پلانێکی تۆکمە داڕێژنبۆ پێگەیاندنی یاریزان.

یانەکەشمان دەمێکە ھەوڵیداوە کەپشت بەخۆی ببەستێت وچاوەڕوانی حکومەت نەبین لەبەرئەوەی جیاوازییەکی زۆر دەکرێت لەنێوان یانەکان بەیەک چاو سەیری یانەکان ناکرێت لەم ووڵاتەدا حکومەت سییاسەتێکی ڕوونی نیە بۆ وەرزش،ئەگەر لەووڵاتێکدا سیستەمێک ھەبوو لەسەری بڕۆین و بودجەیەکی دیاریکراوی ھەبێت و پلانێکی بەھێزی بۆ دابنرێت ئەوەزۆر دڵنیام کەوەرزش بەرەو پێش دەچێت، وە ھۆکاری سیاسی زۆر کاریگەری ھەبووە بۆ یانەکەمان و سەرجەم یانەکانی تری شاری سلێمانی. خۆش بەختانە ئێستا دەستمان کردووە بەدروست کردنی چەندین پرۆژە بۆ باشترکردنی باری دارایی یانەکەمان بۆ ئەوەی پشت بەحکومەت نەبەستین.

ھەردە ڕەووف بارام ھاندەری یانەی سلێمانیە کەبەماڵی یەکەمی خۆی دەزانێت لەکوردستاندا، ھاندەری یانەی تەڵەبەیە لەعێراقدا و یانەی بەرشلۆنە لەجیھاندا و ھەڵبژاردەی ئەڵمانیاش لەھەڵبژاردەکاندا.

Share this article :

Post a Comment

 
Support : | GOVAND KOYE |
ساڵی © 2011. ماڵپه‌ری کوردستان سپۆرت
مـاڵـپـه‌ری کوردسـتان سـپۆرت تـایبه‌ته‌ به‌ بـڵاو کـردنـه‌وه‌ی نوێـتـریـن
هه‌واڵی وه‌ر زشی و گواستنه‌وه‌ی په‌خشی راسته‌وه‌خۆی یاریه‌کان