سەفین كانەبی: وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق كۆنتڕۆڵی عەقڵی لە دەست داوە

Wednesday, August 8, 20120 التعليقات

سەفین كانەبی: وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق كۆنتڕۆڵی عەقڵی لە دەست داوە
سەرۆكی یەكەتیی تۆپی پێی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا  بە توندی وەڵامی وەزیری وەرزش و لاوانی عێراقی دایەوە لە بەرامبەر ئەو قسانەی كە سەبارەت بەهەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە پاڵەوانیەتیی نەرویج كردبووی.

سەفین كانەبی لەبارەگەی یەكەتیی تۆپی پێ لە هەولێر وتی، بەداخەوە بۆ قسەكانی وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق كە رەخنەی لەوە گرتبوو ئاڵای كوردستان لە ریزی ئاڵای وڵاتانی بەشدار لە پاڵەوانیەتیی كاسی‌ نەرویج هاتبووە هەڵكردن و وتوویەتی كوردەكان پێشێلی دەستووریان كردووە.

زیاتر وتی، نازانم ئێمە پێشێلی دەستوور دەكەین یان حكوومەتی عێراق، ئەگەر ئەوان راست دەكەن با بێن مادەی 140ی دەستوور و چەند مادەیەكی تر هەیە جێبەجێی بكەن بۆ ئەوەی هەرچی كێشە هەیە لە عێراقدا بە كۆتابێ و خەڵكی عێراق بە ئاسوودەیی بژین.

كانەبی رەخنەی توندی لە وەزیری ناوبراو گرت و گوتی، "پێم وایە وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق كۆنترۆڵی عەقڵی لە دەست داوە".

هاوكات رەخنەی توندی لە باڵیۆزخانەی عێراق لە نەرویج گرت و ئاشكرای كرد كە پێشوازییان لە تیپێكی تری عێراقی بەشدار لە پاڵەوانیەتییەكەی نەرویج كردووە، بەڵام پێشوازییان لە تیپی كوردستان نەكردووە و تەنانەت هەر لێشیان نەپرسیون.

" ئێمەش عێراقین و تا ئێستە كورد بەتەنگی یەكپارچەیی عێراق و دەستوورەوەیە، ئەدی بۆچی باڵێۆزحانەی عێراق لە نەرویج پێشوازییان نەكردین و هەمان مامەڵەی تیپە عێراقییەكەی ترییان لەگەڵدا نەكردین". كانەبی وای وت.

سەرۆكی یەكیتیی تۆپی پێ ئاشكرای كرد كە تیپی كوردستان بە داوەتنامەی رەسمی بەشدارییان لە بۆنەكەدا كردووە و وتیشی ئەوان پێش ئەوەی بەشداری بكەن، مەرجی ئەوەیان هەبووە كە ئاڵای كوردستان دەبێ لە تەك ئاڵای وڵاتانی بەشدار بەرز بكرێتەوە.


جێی باسە لە رۆژانی رابردوودا هەڵبژاردەی تازەپێگەیشتووانی تۆپی پێی كوردستان بۆ یەكەمجار بەشداریی فێستیڤاڵی تۆپی پێی تاسی نەرویجی كرد و لە قۆناغی 16 ماڵئاوایی كرد، كە 54 تیپ بەشدارییان تێدا كردبوو، هەر لەو فێستیڤاڵەدا تیپێكی تریش لە عێراقەوە بەشداریی كردبوو، لە چوارچێوەی بەڕێوەچوونی ئەو فێستیڤاڵەدا وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق جاسم محەممەد جەعفەر رەخنەی لە حكوومەتی نەرویج و ریكخەرانی پاڵەوانیەتییەكە گرتبوو كە رێگەیان داوە ئاڵای كوردستان لە تەك ئاڵای وڵاتانی بەشدار بەرز كراوتەوە و ئەو كارەی بەوە لێكدایەوە كە كوردستان پێشێلی دەستووری عێراقی كردووە.
Share this article :

Post a Comment

 
Support : | GOVAND KOYE |
ساڵی © 2011. ماڵپه‌ری کوردستان سپۆرت
مـاڵـپـه‌ری کوردسـتان سـپۆرت تـایبه‌ته‌ به‌ بـڵاو کـردنـه‌وه‌ی نوێـتـریـن
هه‌واڵی وه‌ر زشی و گواستنه‌وه‌ی په‌خشی راسته‌وه‌خۆی یاریه‌کان