ئۆژین

Sunday, February 26, 20120 التعليقات

ئۆژین

(ئۆژین رەشید) گەنجێكی تەمەن (16) ساڵانە و چەند ساڵێكە لەهه‌نده‌ران سەرقاڵی یاریی تۆپی پێیە، ئەو لەمنداڵیەوە خولیای ئەو یارییە بووە و لەئیستادا وەك یاریزانێكی هەڵكەوتووی كورد درێژە بەیاریكردن دەدات و خەون بەوەوە دەبینێت درێسی هەڵبژاردەی كوردستان لەكەرنەڤاڵە دەرەكیەكاندا بپۆشێ، بەڵام تائێستا ئەوەیان بۆ نەڕەخساندووە.

ئۆژین كێیە؟
(ئۆژین لوقمان عەبدوڵڵا) و ناسراوه‌ بەئۆژین رەشید لەدایكبووی رۆژی (26/3/1996) سلێمانیە، ساڵی 2003 لەگەڵ خێزانەكەی چۆتە هەندەران و له‌سویسرا جێگیر بووە، ساڵی (2004) بۆ یەكەمجار چۆتە نێو یاریی تۆپی پێ و چەند قۆناغێكی تەمەنە جیاوازەكانی بڕیوە، سەرەتا لەتیپی منداڵانی (FC. emmenbrwckete) دەستیپێكردووە و تاساڵی (2005) لەو یانەیە بووە، ساڵی 2006 چۆتە یانەی (FC. Prly buchrayn) و تاساڵی (2008) لەگەڵ ئەو یانەیە بەردەوام بووە، ساڵی 2008 بۆ ریزی هەڵبژاردەی سویسرا بانگهێشتكراوە و بۆماوەی یەك ساڵ لەریزی هەڵبژاردەكە بووە و لەساڵی (2009)ەوە تائەمڕۆ لەریزی یانەی (Rontal) یاریی دەكات.
ستادیۆم بۆ زیاتر ناساندنی ئەو یاریزانە لاوە لەڕێی دیمانەیەكی تایبەتدا چەند پرسیارێكی تایبەتی لێكرد و ئەویش بەڕاشكاوی وەڵامی دایەوە، بەم شێوەیە:
*تیپەكەتان لە چ ئاستێكدا یاریی دەكات؟
-تیپەكەم لەئاستی تازەپێگەیشتوانە و لەخولی پلەدوو لەسەر ئاستی سویسرا یاریی دەكات، لەگەڵ یانەی رۆنتاڵ كە دەكەوێتە سەنتەری سویسرا یاریی دەكەم و هەموو ساڵێك هەموو ئەو تیپانەی كە دەكەونە سنووری (9)شارەوانی هەرێمەكە بەشداریی تێدادەكەن، منیش لەئێستادا بۆ ركابەرییەكانی پاڵەوانێتیی شارەوانی هەرێمەكان بۆ هەڵبژاردەی سنووری شارەوانی ناوچەكەم هەڵبژێدراوم.
چەند ئەنجامێكی بەدەستهێناوە
*دیارترین بەشداریی و ئەنجامەكانت چین؟
-ساڵی (2010) بەشداریی خولێكی تۆپی پێی تازەپێگەیشتوانمان كرد لەئەڵمانیا پلەی چوارەممان بەدەستهێنا، پلەی یەكەمی وەرزی (2010-2011) تازەپێگەیشتوانی سویسرامان بەدەسهتێناوە و هەروەها نازناوی خولی هاوینەی ئەمساڵ (2011-2012)مان دەستەبەركردووە، بەڵام لەخولی زستانەدا دووەم بووین.
*هیچ یاریزانێكی تری كوردتان لەگەڵدایە؟
- نەخێر، من تاكە یاریزانی كوردم لەتیپەكەدا، لەبەرئەوەی زۆر قورسە بگەیتە ئەو ئاستە، ئەمەش بەهۆی زۆری یاریزانەكانی سویسرا.
دەچێتە یانەیەكی تر
*بەرنامەی داهاتوت چیە؟
-بۆندم لەگەڵ یانەكەمدا تامانگی تەمووز هەیە و دواتریش نازانم چۆن دەبێت، بەڵام لەلایەن یانەی لۆزۆرن و كرێنس  داواكراوم، ئەوان لەریزی خولی پلە یەك یاریی دەكەن و ئەگەر بگونجێ بەنیازم بچمە ئەو یانەیە.
*پەیوەندیت بەتۆپی پێی كوردستانەوە چۆنە؟
-سەرەتا لەرێی كاك (ئاكۆ عارف) رۆژنامەنوسی وەرزشیەوە پەیوەندیم دروستكردووە و هەیە، داوام لەهەڵبژاردەی تازەپێگەیشتوانی كوردستان كردووە بۆ ئەوەی یاریان بۆبكەم بێ هیچ بەرامبەرێك و تەنانەت CD و ڤیدیۆی خۆشم بۆناردوون، بەڵام ئەوان هیچ وەڵامێكیان بۆم نەبووە، ئامادەم لەسەر خەرجی خۆم بچم و بگەڕێمەوە، جگە لەخۆشەویستی كوردستان نەبێت هیچ بەرژەوەندیەكم لەوەدانیە، تەنها دەمەوێ كوردستان سەركەوێ، من ئامادەم تا 10 ساڵی تر یاربی بۆ كوردستان بكەم بەبێ هیچ بەرامبەرێك، چونكە باوكم ئاوای پەروەردە كردووم و هەمیشە پێم دەڵێت هەرگیز وڵاتەكەت لەبیرنەكەیت، بەڵام ئەوان وەڵامیان نیە.
10 جار سیڤی خۆی بۆ راهێنەری هەڵبژاردەی كوردستان ناردووە
*ئەو مەسەلەیەت تەنها هەر باسكردووە یان پەیوەندیت پێوەكردون؟
-بۆ ئەو مەسەلەیە پەیوەندیم بەكاك (كاروان حەمەفەرەج) كردووە، ئەو دەڵێت ئێمە تۆمان زۆر بەدڵە، بەڵام بەدەست (یوسف كاكی) راهێنەرە، تائێستا زیاتر لە 10 جار CD و ڤیدیۆی خۆم بۆ كاك یوسف ناردووە بەڵام جوابی نەبوە.
*دوا وتەت چییە؟
-بەدڵنیایەوە لەتۆپی پێ بەردەوام دەبم كە دەڵێم یاریی بۆ كوردستان دەكەم، تەنها لەبەرخاتری ناوی وڵاتەكەم و كوردستانە، بۆ من زۆر گرنگە ئەنجامی باشی هەبێت، بەنیازم لەهاویندا بگەڕێمەوە و لەنزیكەوە یەكتری ببینین و زۆر سوپاسی ستادیۆم-ی كوردستانی نوێ دەكەم بۆ ئەو بەسەركردنەوەیە. 
Share this article :

Post a Comment

 
Support : | GOVAND KOYE |
ساڵی © 2011. ماڵپه‌ری کوردستان سپۆرت
مـاڵـپـه‌ری کوردسـتان سـپۆرت تـایبه‌ته‌ به‌ بـڵاو کـردنـه‌وه‌ی نوێـتـریـن
هه‌واڵی وه‌ر زشی و گواستنه‌وه‌ی په‌خشی راسته‌وه‌خۆی یاریه‌کان